زایەڵە - لە وتوێژێکی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری دەزگای میدیایی زایەڵە شادومان شەهیدڕۆستەم  ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی  پەیوەندیەکانی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وەک سەرۆکی یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لەم کات و ساتەدا، کە ناوچەکە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە قۆناغێکی سەخت و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ و بایەخدارە.
وتیشی، ‎بیرمان نەچێت ئەمە یەکەمین جارە لەمێژوودا سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، سەردانەکە مێژووییە، پاڵپشتییەکی گەورەی مەعنەویی دەبێت بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سبەی هەمووان لە مێدیاکانەوە خوێنەر و بیسەری ئەو هەواڵە دەبین کە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان خۆی و تیمەکەی دەنیشنەوە. 
زیاتر وتی، ‎ئێمە دەزانین، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵێکی میحوەری هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەیمەنەی بەتەواوی لە عێراق باڵادەستە بەشێوەیەک، کە زۆجار دەوترێت ئەوە تارانە عێراق بەڕێوەدەبات نەک بەغدا، بەوپێودانگە سەردانەکەی مەسعوود پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕۆڵی دەبێت بۆ چارەسەری کێشەو لێکتێنەگەیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئاماژەی لەوەشدا، ‎لەماوەکانی ڕابردوو، ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئاڵۆز و بەرەو بنبەست دەڕۆیشت، بەڵام سەردانی سەرۆکی هەرێم و حکومەت و سەرۆک و سەرکردەی هێزە کوردستانییەکان بۆ تاران بە تایبەت سەردانی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران توانی ئەو بەستەڵەکەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دروست بووبوو بتوێنێتەوە و سەرەتایەکی نوێی متمانەدار بنیادبنرێت.

هێمای بەوەشکرد، ‎سەردانی سەرۆک کۆماری ئسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ بۆ خۆشیان لە بەغدای پایتەختەوە بە کوردییەکی زۆر پاراو پشتڕاستیانکردەوە، قۆناغێکی تازە و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لەنێوانمان، ئومێدەوارین ببێتە مایەی خێر و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.‎خەڵکی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندی سیاسی، مێژوویی، کەلتوری و ئابوریی هەیە لەنێوانماندا، کە پتەوترکردنی ئەو پەیوەندییانە دەبێتە هەوێنی سەقامگیری و ئارامی زیاتری ناوچەکە، بێگومان سەردانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان ئەو پەیوەندییانە قوڵتر و گەشەسەندوتر دەکات.


کامەران کەریم